بابه‌تی کوردیراستیی گریمانه‌

ته‌کنۆلۆژیای راستیی گریمانه‌ چیه؟

دانا ابراهیم

راستیی گریمانه‌ واته‌ Virtual Reality ئه‌و ته‌کنۆلۆژیایه که‌‌ به‌ یارمه‌تی نه‌رم ئامێره‌کان ده‌توانێت وێنه‌کان، ده‌نگه‌کان و ھه‌ندێک جار دیکه‌ی پێنج ھه‌سته‌کان له‌ رێگای سه‌خت ئامێره‌کانه‌وه‌ بگه‌یه‌نێته به‌کارھێنه‌ر. له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌کارھێنه‌ری ئه‌م ئامێره‌ ھه‌ست ده‌کات له‌ شوێنێکدایه‌ که‌ له‌ راستیدا له‌وێدا نیه‌!

ھه‌ندێک که‌س «راستیی گریمانه‌» به‌ دیارده‌یه‌کی نوێ له‌ گۆڕه‌پانی ته‌کنۆلۆژیا و کات به‌سه‌ربردن و زانستدا ده‌زانن به‌ڵام ئێستا کاتێکی خێرایه‌ بۆ بڕیاردان له‌م باره‌یه‌وه‌. تا ئێستاش ناتوانین راستیی گریمانه‌، ھاوسه‌نگی مۆبایلی زیره‌ک، ئینته‌رنێت و ته‌نانه‌ت کۆنسۆڵی یاریه‌کان بھێنینه‌ ئه‌ژمار. له‌م دۆسیه‌ی له‌ پێشماندایه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م ته‌کنۆلۆژیا تاوتوێ بکه‌ین که‌ زۆریش نوێ نیه‌ به‌ڵام به‌م زووانه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ لووتکه‌ و شوێن پێی کردوه‌ته‌وه‌ له‌ بازاڕی پڕسوودی کۆمپیۆته‌ر و کۆنسۆڵه‌کاندا. پرسیار ئه‌وه‌یه‌: ده‌کرێت ھیوایه‌ک ھه‌بێت بۆ داھاتوی ئه‌م ته‌کنۆلۆژیا له‌ بواری کات به‌سه‌ربردندا؟! یان له‌ داھاتوویه‌کی نزیکدا له‌ پڕۆژه‌ مه‌زنه‌کانی پیشه‌یی و سه‌ربازیدا زیاتر به‌کار ده‌ھێنرێت؟!

 

پێشبینیه‌کانی ئامار بۆ فرۆش و په‌ره‌پێدانی راستیی گریمانه‌

پێده‌چێت نابێ له‌ رواڵه‌تدا متمانه‌ بکه‌ینه‌ سه‌ر ئامار و ژماره‌ و پێشبینیه‌کان بۆ بواری یاریی سازی و سه‌خت ئامێری په‌یوه‌ندیداریه‌وه‌. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ پێده‌چێت مایه‌پوچ بوونی چاوه‌ڕوان نه‌کراوی ھاوشێوه‌ی ساڵی ١٩٨٣ بێته‌ پێشه‌وه‌ و ھه‌موو نه‌خشه‌ و پێشبینی کارزانه‌کان ھه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ یان له‌ سوچێکی دیکه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ سه‌رقه‌لی داسه‌کنانی ئابووری جیھانیدا، تاکه‌ پیشه‌ی پته‌و و روو له‌ گه‌شه‌، به‌ته‌نیا پیشه‌ی یاری کۆمپیۆته‌ر بێت! به‌ ھه‌موو ئه‌مانه‌وه‌ پێویسته‌ گۆشه‌ نیگایه‌کیش ھه‌بێت له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی رێگا و ئامار و پێشبینیه‌کان و ئاماده‌کاریی بکرێت بۆ رووداوه‌کانی داھاتوو. سه‌باره‌ت به‌ پیشه‌ی نوێی راستیی گریمانه‌ که‌ به‌شێکه‌ له‌ پیشه‌ی یاری کۆمپیۆته‌ر، ئامارگه‌لێک بوونیان ھه‌یه‌ که‌ له‌ درێژه‌دا باسیان ده‌که‌ین.

 له‌ ساڵی ٢٠١٢ـه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ ئاستی داھاتی راستیی گریمانه‌، نزیک بووه‌ته‌وه‌ له‌ ٨.٨ ملیار دۆلار که‌ بڕی ٢.٩ ملیار دۆلاری تایبه‌ت بووه‌ به‌ ساڵی ٢٠١٦ـه‌وه‌.  ئه‌مه‌ ئاشکرای ده‌کات له‌گه‌ڵ ھاتنی ھێدسێتی راستیی گریمانه‌ وه‌کوو ئۆکیۆلۆس و ڤایڤ و PSVR بۆ بازاڕ، ئاماره‌کانی فرۆش گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاویان به‌خۆوه‌ بینیوه‌.

خشته‌ی ژماره‌ ١ ژماره‌ی یه‌که‌ فرۆشراوه‌کانی ھه‌رکام له‌ ھێدسێتی راستیی گریمانه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٦دا نمایش ده‌کات. به‌ پێی زانیاریه‌کانی ئه‌م خشته‌، ھێدسێتی ڤایڤ HTC Vive ٤٠٠ ھه‌زار ئامێری فرۆشراوه‌ له‌کاتێکدا ھه‌ر له‌م ماوه‌دا ئۆکیۆلۆس ریفت ٧٠٠ ھه‌زار ئامێر و ھێدسێتی راستیی گریمانه‌ سۆنی ٢.٦ ملیۆن ئامێریان فرۆشراوه‌. ھه‌رچه‌ند ھێدسێتی ھه‌رزان به‌ھای Samsung Gear VR فرۆشێکی به‌رزی نائاسایی ھه‌بووه‌ و ٣.٥ ملیۆن یه‌که‌ی فرۆشراوه‌. ھۆی جیاوازی ٣٠٠ ھه‌زار یه‌که‌ له‌ فرۆشتنی ڤایڤ و ریفتدا له‌ ھه‌ڵسه‌نگاندنی کوالێتی و نرخی ئه‌م دوو ئامێره‌دا ئاشکرا ده‌بێت. ریفت له‌ لایه‌نی کوالێتی و ھه‌ستیاریه‌وه‌ زۆر باشتر له‌ ڤایڤ کارایی ھه‌بووه‌ و به‌م ھۆیه‌وه‌ ڤایڤی دوورخسته‌وه‌ته‌وه‌ بۆ بنی خشته‌ی فرۆشتنه‌وه‌. ھه‌روه‌ھا PSVR به‌ ھۆی نرخی ھه‌رزانتر و به‌که‌ڵک ھاتنی بۆ به‌کارھێنان له‌سه‌ر کۆنسۆڵی یاری(که‌ نرخی زۆر که‌متره‌ له‌ کۆمپیۆته‌رێکی به‌ھێز) ئه‌م ئاسته‌ خه‌یاڵیه‌ی فرۆشتنی به‌ده‌ست ھێناوه‌. به‌ڵام ھێدسێتی سامسۆنگ که‌ به‌ ته‌نیا له‌سه‌ر مۆبایلی ئه‌م کۆمپانیا کار ده‌کات، به‌ ھۆی ھه‌رزان بوونی نرخیه‌وه‌ ئاستی فرۆشتنی به‌رزتر بووه‌ته‌وه‌. نرخی ھێدسێتی سامسۆنگ به‌ ته‌نیا ٩٩ دۆلاره‌.

خشته‌ی ژماره‌٢ پێشبینی ده‌سکه‌وتی داھاتی ئه‌م پیشه‌یه‌ تا ساڵی ٢٠٢٠ ئاشکرا ده‌کات. داھاتی ئه‌مساڵی راستیی گریمانه‌ ٢.٩ ملیار دۆلاره‌ که‌ پێشتر ئاماژه‌ی پێدرا. به‌ پێی پێشزانینی کارناسان، ئاستی داھات له‌ ساڵی ٢٠١٧ دا ده‌گه‌یه‌ته‌ ٥.٧ ملیار دۆلار. له‌ ساڵی ٢٠١٨دا به‌رزبوونه‌وه‌ی داھات ده‌گه‌یه‌ته‌ ١١.٨ ملیار دۆلار و له‌ ساڵی ٢٠١٩ دا ده‌بێته‌ ٢٢.٧ ملیار دۆلار. له‌ کۆتاییشدا له‌ ساڵی ٢٠٢٠ دا داھاتی ٤٠.٣ ملیار دۆلاری پێشبینی ده‌کرێت. شایانی باسه‌ ئه‌م ئاماره‌ ھه‌موو ئامێره‌کانی راستیی گریمانه‌(بریتی له‌ ئامێره‌کانی له‌سه‌ر کۆمپیۆته‌ری تایبه‌ت، کۆنسۆڵ و مۆبایلی زیره‌ک) ده‌گرێته‌وه‌.

 خشته‌ی ژماره‌٣ پێشبینی ده‌ستکه‌وتی داھاتی راستیی گریمانه‌ ده‌کات به‌شێوه‌ی جیاکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌خت ئامێر و نه‌رم ئامێر. وه‌کوو ده‌بینن، له‌ ساڵه‌کانی سه‌ره‌تایی خستنه‌ به‌رده‌ستدا داھاتی فرۆشتنی سه‌خت ئامێر به‌رزتره‌ له‌ به‌شی نه‌رم ئامێر. به‌ڵام له‌ درێژماوه‌دا ئاستی فرۆشتنی نه‌رم ئامێر ده‌که‌وێته‌ پێش سه‌خت ئامێره‌وه‌. ئه‌مه‌ ده‌رکه‌وته‌یه‌که‌ له‌ پێشبینیه‌کان بۆ نیشاندانی په‌ره‌پێدان و گشتگیر بوون. له‌ ساڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خستنه‌ رووی کۆمپیۆته‌ری تاکه‌که‌سیدا ئاستی فرۆشتنی سه‌خت ئامێر زۆر به‌رزتر بووه‌ له‌ نه‌رم ئامێره‌کان به‌ڵام پاش گشتگیر بوون و سه‌قامگیربوونی بازاڕی سه‌خت ئامێر، ئاستی فرۆشتنی نه‌رم ئامێر و یاریه‌کان پێشی فرۆشتنی خودی کۆمپیۆته‌ر که‌وت. ئه‌و پێشزانینه‌ له‌م دیاگرامه‌دا ده‌بینین.

 

به‌ره‌ی نوێی راستیی گریمانه

ئه‌وه‌ی زۆر روونه‌، پشتگیریی به‌رین و وه‌به‌رھێنانی مه‌زنه‌ له‌ لقی ورووژێنه‌ری یاری و کات به‌سه‌ربردندا. ئیدی وه‌کوو ده‌یه‌کانی پێشوو نابینین ھه‌وڵی شپرز و لێره‌ و له‌وێ بدرێت بۆ پێکھێنانی ئامێرێک و پاشان بخرێته‌ فه‌رامۆشیه‌وه‌. ئه‌مڕۆ پێکھێنه‌ران و په‌ره‌پێده‌ران و کاربه‌ده‌ستانی ئه‌م پێشه‌، روانگه‌یه‌کی روو له‌ پێشه‌وه‌یان ھه‌یه‌ بۆ پێش خستنی زیاتری ئه‌م پیشه‌ تازه‌ پێگرتووه‌.  وه‌کوو نموونه‌یه‌کی پێشکه‌وتوو، ئامێری ته‌واوکراوی Virtuix Omni ، سه‌ره‌تا به‌ ده‌ستی Jan Goetgeluk له‌ ڤیدیۆیه‌کدا ناسێنرا. ئه‌م ڤیدیۆ ئه‌وه‌نده‌ سه‌رسام ھێنه‌رر بوو، کاتێک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ده‌ستمایه‌ خرایه‌ کێک ستارتره‌وه‌، له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا ١٥٠ ھه‌زار دۆلاری بۆ کۆکرایه‌وه‌. پشتگیریه‌کانی پاش ئه‌وه‌ش بوه‌ ھۆی ئه‌وه‌ی ئامێره‌که‌ به‌ گۆڕانکاریه‌کی زۆره‌وه‌ ئاماده‌ی فرۆشتن بکرێت. له‌ ڤیدیۆی سه‌ره‌تایی ئه‌م ئامێره‌دا که‌سێک له‌سه‌ر تڕادمیڵ (Treadmill) راده‌کات و به‌ چه‌کێکی پلاستیکه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ دوژمن ده‌کات. جووڵه‌ی نێو یاریش به‌ یارمه‌تی رێگه‌رۆیشتن و ھه‌ڵھاتن له‌سه‌ر ئامێری تڕادمیڵ ده‌کرا و ھیچ ھۆیه‌کی نێوه‌ند وه‌کوو ده‌سته‌ی یاری یان ماوس و ته‌خته‌ کلیل بوونی نه‌بوو.

به‌ڵام له‌ رواڵه‌تدا، ئامێری کۆتایی زۆر جیاواز بوو له‌گه‌ڵ شێوه‌ی سه‌ره‌تاییه‌که‌یدا. تڕادمیڵی ئامێری نوێ له‌ شێوه‌ی کاسه‌یه‌ک دیزاین کراوه‌ که‌ به‌ ھه‌موو لایه‌کدا ده‌سوڕێته‌وه‌ و توانای ھه‌ڵگرتنی ١٥٠ کیلۆگرامی ھه‌یه‌ وه‌کوو ئاستی ھه‌ڵگرتنی زۆرترین کێش و ئه‌مه‌ش واده‌کات ئه‌و که‌سه‌ی یاری ده‌کات توانای ئه‌وه‌ی ھه‌بێت بۆ ھه‌موو لایه‌ک ھه‌ڵسووڕێت و ھه‌ڵبێت و بڕوات. بۆ راکردن له‌سه‌ر ئه‌م تڕادمیڵه‌ بازنه‌ییه‌، پێڵاوێکی تایبه‌ت پێویسته‌ که‌ دوو تایبه‌تمه‌ندی ھه‌یه‌: ئاستی لێکخشان که‌م ده‌که‌نه‌وه‌ و ھه‌روه‌ھا به‌ ھۆی دوو خلۆکه‌ی بچووکی ژێره‌وه‌ی، جووڵه‌ و خلیسکان بۆ سوچه‌کان ھاوشێوه‌سازیی ده‌که‌ن. له‌ نموونه‌ی سه‌ره‌تاییدا پێزانینی شوێن و خێرایی جووڵه‌ی لاقه‌کان به‌ یارمه‌تی ته‌ڵه‌زمی جووڵه‌یی کینکات فه‌راھه‌م ده‌بوو. به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌م کاره‌ له‌ رێگای دوو «پاد»ی چه‌ند لاوه‌ ده‌کرێت که‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر به‌شی سه‌رووی پێڵاوه‌که‌وه‌. ئه‌م پادانه‌، ووردتر جووڵه‌کان له‌ کینکاته‌وه‌ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ رێکخه‌ری ئامێر.

له‌ ده‌وری تڕادمیڵدا ئاڵقه‌یه‌ک دانراوه‌ که‌ پێویسته‌ یاریکه‌ر له‌ نێویدا جێگیر بێت. بوونی ئه‌م ئاڵقه‌ ده‌بێته‌ ھۆی ئه‌وه‌ی یاریکه‌ر له‌ کاتی رۆیشتن به‌سه‌ر تڕادمیڵدا بتوانێت ھاوسه‌نگی خۆی بپارێزێت و به‌رنه‌بێته‌وه‌. ھه‌روه‌ھا پشتێنی دڵنیاییش دانراوه‌ که‌ په‌یوه‌ست کراوه‌ به‌ ئاڵقه‌که‌وه‌. پێویسته‌ یاریکه‌ر ئه‌م پشتێنه‌ ببه‌ستێت به‌ نێوقه‌د و لاقیه‌وه‌. شێوه‌ و جۆری جێگیربوونی ئه‌م پشتێنه‌ به‌م شێوه‌ازه‌یه‌ که‌ به‌کارھێنه‌ر له‌ نێویدا نیوه‌ھه‌ڵواسراو ده‌بێت و به‌م ھۆیه‌وه‌ رۆیشتن له‌ سه‌ر تڕادمیڵ، ھاوشێوه‌ی باڵگرتنه‌وه‌ له‌ ئاسماندا لێکخشاندن که‌م ده‌کاته‌وه‌ و گوشاری کێش ناخاته‌ سه‌ر ئامێره‌که‌وه‌.

ده‌کرێت ئامێری Virtuix Omni گرێ بدرێت به‌ کۆمپیۆته‌ره‌وه‌ و له‌ رێگای ته‌خته‌ی نمایشه‌وه‌ وێنه‌کان ببینرێت. به‌ڵام باشتر وایه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌زموونێکی ته‌واو و بینینی وێنه‌کان و که‌شی یاری، که‌ڵک له‌ ھێدسێتی راستیی گریمانه وه‌ربگیرێت. ئه‌م ھێدسێتانه‌ له‌گه‌ڵ ئامێر و تڕادمیڵدا پێکه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی ساز دراون و ھه‌ستی بوونێکی بێ نێوه‌ند ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ به‌کارھێنه‌ر. ھه‌رچه‌ند ئه‌م ئامێره‌ چه‌ند کێشه‌یه‌کی ھه‌یه‌ وه‌کوو ئه‌وه‌ی به‌کارھێنه‌ران پاش به‌کارھێنان دوچاری ھه‌ستی دڵ تێکه‌ڵھاتن و سه‌رسوڕانه‌وه‌ ده‌بن. یان که‌سانێک ده‌ڵێن یاری کردنی ئه‌کشن به‌ ئه‌م ئامێره‌ کارێکی دژواره‌ و پاش سێ خوله‌ک یاری کردن و ھه‌ڵھاتن له‌و که‌شه‌دا، ماندوو و شه‌که‌ت ده‌بیت. ھه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ ھیوایه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی گیرۆده‌ی کێشی زیاده‌ن!

نرخی Virtuix Omni ٦٩٩ دۆلاره‌ و تا ئێستا ٣٠٠٠ ئامێری فرۆشراوه‌ که‌ ژماره‌یه‌کی باشه‌. ھه‌رچه‌ند به‌ ھۆی نرخی به‌رز و پێویستیی به‌ کۆمپیۆته‌رێکی زۆر به‌ ھێز و ھێدسێتی راستیی گریمانهوه‌، وه‌کوو کات به‌سه‌ر بردنێکی نرخ گران ده‌ناسرێته‌وه‌. زۆر که‌سیش بڕوای وایه‌ ئه‌ ئامێره‌ باشترینه‌ بۆ پارک و شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌کان.

مێژووی راستیی گریمانه‌ لێره بخوێنه‌وه‌

                            

کاراییه‌کانی راستیی گریمانه‌ لێره بخوێنه‌وه‌

 

 

 

Show More

Related Posts

error: Content is protected !!
Close
Close