ئینتەرنێتی شتومەکبابه‌تی کوردی

ئینته‌رنێتی شتومه‌ک به‌ زمانێکی ساکار  (IOT)

دانا ابراهیم

ئینته‌رنێتی شتومه‌ک یان باشتر بڵێین «ئینته‌رنێتی شته‌کان» واته‌ گرێدانی چه‌نھا که‌ره‌سته‌ له‌ رێگای نه‌رم‌ئامێری تایبه‌ت، پێکه‌وه‌ وه‌کوو ئامرازه‌کانی ھاتوچۆ و گواستنه‌وه‌، که‌لوپه‌لی ناوماڵ، مۆبایلی زیره‌ک و…

له‌سه‌ر ئه‌م ته‌کنۆلۆژیا نوێیه‌، ھه‌موو که‌ره‌سته‌کانی لێکھه‌ڵپێکراو به‌ تۆڕێکه‌وه‌، ده‌توانن ئه‌رکی خۆیان به‌ شێوه‌ی خۆکار به‌ جێ بێنن. ھه‌روه‌ھا ده‌توانن به‌ پێی ئه‌و گۆڕانکاریه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ریاندا رو دده‌ات، خۆکارانه‌ کۆمه‌ڵێک وه‌ڵامی تایبه‌ت بده‌نه‌وه‌. ده‌یشتوانن به‌ بێ ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤ، زانیاری جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ دیکه‌ی که‌رسته‌کانی نێو تۆڕدا ئاڵوگۆڕ بکه‌ن.

چوارچێوه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌م ته‌کنۆلۆژیا نوێیه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای تۆڕی بێ ته‌ل و ئینته‌رنێت ساز کراوه‌ و ئامانجه‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی باشترکردنی کار و ووردبینی زیاتری که‌ره‌سته‌ جۆراوجۆره‌کانه‌.

کارزانه‌کانی ئه‌م بواره‌ به‌راورد ده‌که‌ن ئینته‌رنێتی شتومه‌ک تا ساڵی ٢٠٢٠ ده‌توانێت زیاتر له‌ ٣٠ ملیار که‌ره‌سته‌ له‌ ھه‌موو جیھاندا پێکه‌وه‌ گرێ بدات و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ھۆی ئه‌وه‌ی بایه‌خی جیھانی ئه‌م بازاڕه‌ بگاته‌ نزیکه‌ی ٧.١ تریلیۆن دۆلار.

که‌رسته‌کان به‌ چ شێوه‌یه‌ک له‌ رێگای ئینته‌رنێته‌وه‌ پێکه‌وه‌ گرێ ده‌درێن؟

ئینته‌رنێتی شتومه‌ک بۆ گرێدانی ھه‌زاران که‌رسته‌ پێکه‌وه‌ و ھاوبه‌ش کردنی زانیاریه‌کانی نێوانیان، که‌ڵک له‌ شێوازی جۆراوجۆر وه‌رده‌گرێت. پێکه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی که‌ره‌سته‌کانی نووسینگه‌ و خانو له‌ رێگای «وای فای» و «بلۆتۆس»ه‌وه‌ ده‌کرێت. ئه‌م دوو شێوه‌ زۆرترین لایه‌نگریان ھه‌یه‌.

 ئینته‌رنێتی شتومه‌ک چ کارێک ده‌کات؟

ته‌کنۆلۆژیای ئینته‌رنێتی شتومه‌ک له‌ بواری جۆراوجۆردا به‌کار دێت و ده‌توانێت کارئاسانی بکات له‌ کاره‌ جیاوازه‌کاندا. له‌ درێژه‌دا سه‌ره‌کیترین کاراییه‌کانی ئه‌م ته‌کنۆلۆژیا ژێره‌وژوورکه‌ره‌، شی ده‌که‌ینه‌وه‌.

خانووی زیره‌ک

واتای «خانووه‌ زیره‌که‌کان» به‌ زمانێکی ساکار واته‌: پێکه‌وه‌ گرێدانی یه‌ک خانوو و که‌ره‌سته‌ی ناوخۆی ئه‌و خانووه‌ له‌ رێگای یه‌ک په‌یڕه‌وی خۆکاره‌وه‌. له‌ درێژه‌دا باسی گرنگترین کاراییه‌کانی ته‌کنۆلۆژیای ئینته‌رنێتی شتومه‌ک ده‌که‌ین له‌ خانووه‌ زیره‌که‌کاندا:

رووناکیی خانوو

کاتێک له‌ خانووی زیره‌کدا که‌ڵک وه‌رده‌گریت له‌ گڵۆپی گرێدراو به‌ ئینته‌رنێتی شتومه‌که‌وه‌، ئه‌م گڵۆپانه‌ ده‌توانن کاتی چوونه‌ده‌ره‌وه‌تان له‌ ماڵه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ژووره‌کانیش بزانن و ئه‌مه‌ش واته‌ پێویست ناکات داڵغه‌ی کوژاندنه‌وه‌ی گڵۆپه‌کانت ھه‌بێت پێش چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ماڵ. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سێبه‌ری ئینته‌رنێتی شتومه‌کدا گڵۆپه‌کان به‌ شێوه‌ی خۆکار ده‌کوژێنه‌وه‌.

کارێکی گرنگی دیکه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌توانیت له‌ رێگای ئامرازی سه‌رپه‌رشتی کردنه‌وه‌(وه‌کوو مۆبایلی زیره‌ک) له‌ سووچێکی ماڵه‌وه‌ دابنیشیت و گڵۆپه‌کان بکوژێنیته‌وه‌ و ھه‌ڵیان بکه‌یت. خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ روانگه‌ی تیۆره‌وه‌ له‌وپه‌ڕی جیھانیشه‌وه‌ ده‌توانیت له‌ رێگای که‌ره‌سته‌ی خۆته‌وه‌ چاودێری و سه‌رپه‌رشتی گڵۆپه‌کان بکه‌ن. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌ گرنگه‌ ده‌بێته‌ ھۆی بێمه‌ترسیی بوونی خانوو له‌ کاتی چۆڵ بووندا بۆ نمونه‌ ده‌توانیت شه‌وان به‌ مۆبایل، گڵۆپی خانوه‌که‌ت ھه‌ڵ بکه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی وا ده‌رکه‌وێت له‌ ماڵه‌وه‌یت و خه‌یاڵی دز بۆ دزینی ماڵه‌که‌ت به‌تاڵ بکه‌یته‌وه‌.

په‌یڕه‌وی چاودێریی خانوو

به‌کارھێنه‌ران ده‌توانن به‌ ئاسانی له‌ رێگای ئینته‌رنێته‌وه‌ بینه‌ری کامێرا چاودێریه‌کان بن به‌ شێوه‌ی ٢٤ کاتژمێری و بێ داڵغه‌ بن له‌ ھێمن بوونی خانووه‌که‌یان.

که‌ره‌سته‌ی قاوه‌ساز

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌شت نیه‌ که‌ره‌سته‌ی قاوه‌سازه‌که‌ت بکوژێنیته‌وه‌، ده‌رمانی ئه‌م بێ له‌شیه‌ش ئینته‌رنێتی شتومه‌که‌! که‌ره‌سته‌ی قاوه‌ساز ده‌توانێت پاش ئه‌وه‌ی قاوه‌که‌ت نۆشی، به‌ شێوه‌ی خۆکار خۆی بکوژێنێته‌وه‌. ھه‌روه‌ھا ده‌توانیت به‌شێوه‌یه‌ک که‌ره‌سته‌که‌ رێک بخه‌یت له‌ کاتێکی دیاریکراودا خۆی ده‌ستبه‌کار بکات. بۆ وێنه‌ کاتێک له‌ کاری رۆژانه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ پێویست ناکات بڕۆیت بۆ ھه‌ڵکردنی که‌ره‌سته‌ی قاوه‌ساز و قاوه‌ درووست بکه‌یت به‌ڵکوو ده‌توانیت له‌ کاتی ھاتنه‌ژووره‌وه‌ت بۆ ماڵه‌وه‌ له‌ رێگای مۆبایله‌که‌ته‌وه‌ فه‌رمان بده‌یت بۆ درووست کردنی قاوه‌.

په‌یڕه‌وی پله‌ی گه‌رمای خانوو

له‌ بازاڕدا که‌ره‌سته‌ی جۆراوجۆر بوونی ھه‌یه‌ بۆ سه‌رپه‌ره‌شتی کردنی پله‌ی گه‌رمای ناوماڵ. ئه‌م جۆره‌ که‌رستانه‌ ده‌توانن به‌ زانینی رێژه‌ی پله‌ی گه‌رمای نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، سیسته‌می گه‌رما بکوژێننه‌وه‌ یان ھه‌ڵی بکه‌ن. به‌ گرێدانی ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئینته‌رنێتی شتومه‌کدا، له‌کاتی که‌م بوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمادا که‌ره‌سته‌کانی گه‌رمکه‌ره‌وه‌ ھه‌ڵده‌کرێن و کاتی گه‌یشتن به‌ پله‌ی گه‌رمای دڵخواز، ده‌کوژێنه‌وه‌. گرنگی له‌وه‌دایه‌ ھه‌موو ئه‌م کارانه‌ به‌ شێوه‌ی خۆکار به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

گاجتی پۆشین

یه‌کێکی دیکه‌ له‌ کاراییه‌ جیھانیه‌ به‌رده‌وامه‌کانی ئینته‌رنێتی شتومه‌ک که‌ له‌ گه‌شه‌دایه‌، که‌ڵک گرتنه‌ له‌ گاجتی پۆشین وه‌کوو کاتژمێر و بازنه‌ی زیره‌ک. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا کۆمپانیا زه‌لامه‌کانی وه‌کوو گوگڵ و سامسۆنگ، وه‌به‌رھێنانی فراوانیان کردوه‌ له‌سه‌ر ته‌کنۆلۆژیای ئینته‌رنێتی شتومه‌کی پۆشین.

گاجتی پۆشین بریتین له‌ ژماره‌یه‌ک ته‌ڵه‌زم که‌ نه‌رم ئامێری تایبه‌ت به‌کاردێنن بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ به‌کارھێنه‌رانیان. گاجت له‌ کۆتاییدا پاش شیکردنه‌وه‌ی زانیاریانه‌ کۆکراوه‌کان، ئاکامه‌که‌ی راپۆرت ده‌کات بۆ به‌کارھێنه‌ری خۆی.

   

ئۆتۆمبێل

به‌کارھێنانی ته‌کنۆلۆژیا له‌ ئۆتۆمبێلدا به‌ دوای یه‌ک ئامانجه‌وه‌یه‌: باشترکردنی کاری پارچه‌کانی نێوخۆ. کاتێک ئۆتۆمبێله‌کان پۆشته‌ بکرێن به‌ ئینته‌رنێتی شتومه‌که‌وه‌، ده‌توانن به‌ باشی ئاگاداریی خۆیان بکه‌ن. ھه‌روه‌ھا ده‌توانن به‌ که‌ڵگ گرتن له‌ ته‌ڵه‌زمی تایبه‌تی  ئینته‌رنێت، ئاسایشی نه‌فه‌ره‌کان دابین بکه‌ن.

شاری زیره‌ک

توانای به‌ زیره‌ک کردنی شاره‌کان، یه‌کێک له‌ سه‌رنجڕاکێشترین بابه‌ته‌کانی ئینته‌رنێتی شتومه‌که‌. له‌ شارێکی زیره‌کدا به‌ که‌ڵگ وه‌رگرتن له‌ په‌یڕه‌وی خۆکاری پێشکه‌وتوو ده‌توانین له‌ ژوورێکی تایبه‌ته‌وه‌ چاودێریی ھه‌موو شت بکه‌ین. وێنا بکه‌ن که‌ ده‌کرێت چاودێریی گشتیی، دابین کردنی ئاو و کاره‌با، گواستنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئاسایشی شار به‌ شێوه‌ی خۆکار ئه‌نجام بدرێت. ئه‌م بابه‌تانه‌ به‌س به‌شێکن له‌ کارایی ئینته‌رنێتی شتومه‌ک بۆ پێکھێنانی شارێکی زیره‌ک.

چه‌ن که‌ره‌سته‌ی ئینته‌رنێتی شتومه‌ک له‌ جیھاندا بوونی ھه‌یه‌؟

به‌ پێی ئاماری رابردوو، ١٥.٤ ملیار که‌ره‌سته‌ی ئینته‌رنێتی شتومه‌ک له‌ ساڵی ٢٠١٥ له‌ گه‌ڕدا بوون و ئه‌م ژماره‌ بۆ ساڵه‌کانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٥ ده‌گاته‌ ٣٠.٧ و ٧٥.٤ ملیار که‌ره‌سته‌.

له‌ بازاڕی ئینته‌رنێتی شتومه‌کی ساڵی ٢٠١٦دا ، ٧٣٧ ملیار دۆلار له‌ ئاستی جیھانیدا خه‌رج کراوه‌ که‌ به‌ سه‌رکه‌وتنی ١٥.٦% زیاد ده‌کات بۆ بڕی ١.٢٩ تریلیۆن دۆلار.

له‌ داھاتوویه‌کی نزیکدا ئینته‌رنێتی شتومه‌ک ده‌بێته‌ یه‌کێک له‌ گۆڕانکاریه‌ مه‌زنه‌کانی گۆڕه‌پانی ته‌کنۆلۆژیا و شێوازی ژیانی ئێمه‌ له‌ زۆر ره‌ھنده‌وه‌ ژێره‌وژوور ده‌کات.

Related Posts

error: Content is protected !!
Close
Close