بابه‌تی کوردیداهاتووتوێژی

سووڕی ئاڵوگۆڕی ته‌کنۆلۆژیای پێشه‌نگ

دانا ابراهیم ئه‌ندامی فیده‌راسیۆنی جیهانی ئاینده‌توێژی

له‌م رۆژانه‌دا مه‌ودایه‌کی کورته‌ له‌ نێوان ووتنی «بیرۆکه‌یه‌که‌م ھه‌یه‌!» تا رێکخستنی بازرگانیه‌کی چه‌ن ملیاری!

له‌ ده‌ ساڵی رابردوودا گه‌نجانێکی زۆر له‌ ھه‌موو جیھاندا ئه‌مه‌یان سه‌لماندوه‌ به‌ ھه‌بوونی بیرۆکه‌یه‌کی چاک و داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌کی ورد و پێداگربوون، ده‌کرێت بازرگانیه‌کی پڕسوود ڕێکبخرێت و به‌رزتر بوه‌ستێت له‌ ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی ده‌یان ساڵه‌ به‌ ھه‌زاران کارمه‌نده‌وه‌ سه‌رقاڵی چالاکین.

ھه‌روه‌ھا به‌ ھۆی گۆڕانکاری و پێشکه‌وتنه‌ خێراکانی ته‌کنۆلۆژیای نوێ له‌ بوارگه‌لی جۆراوجۆردا، کۆمپانیا و رێکخراوه‌ زه‌به‌لاحه‌کان ته‌نانه‌ت به‌ ھه‌زاران کارمه‌ند و ده‌یان ساڵ چالاکی و ئه‌زمونیشه‌وه‌ ئێستا که‌وتونه‌ته‌ به‌ر ھه‌ڕه‌شه‌ی تیاچون و بنبڕبوون له‌ لایه‌ن ستارتاپه بچوکه‌کان و تیمی چه‌ن که‌سه‌ی گه‌نجانه‌وه‌.

به‌ ھه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌ن کۆمپانیای گه‌وره‌ی وه‌کوو کۆداک و نۆکیادا قاڵبگه‌لی ھاوبه‌ش ده‌رده‌که‌ون و روونی ده‌که‌نه‌وه‌، له‌به‌رچاو نه‌گرتنی ئه‌م ھۆکارانه‌ ده‌بنه‌ ھۆی تیاچوون و له‌ کۆتاییدا مایه‌پووچ بوونی ئه‌م کۆمپانیا زه‌لامه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌.

به‌ گشتیی سووڕی ئاڵوگۆڕی ته‌کنۆلۆژیا پێشه‌نگه‌کان ده‌کرێت به‌ ٦ پله‌ی جیاوازی یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌وه‌ که‌ ده‌بنه‌ ھۆی گۆڕانکاریی پیشه‌ و بازرگانی.

١-پله‌ی به‌ دیجیتاڵ بوون

ئه‌م پله‌ ئاکامی ئه‌م راستیه‌یه‌ پێشکه‌وتنه‌کانی مرۆڤ به‌رده‌وام له‌سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌که‌ ده‌بن و قۆناغی نوێ له‌سه‌ر قۆناغی پێشوو پێکدێت و ده‌بێته‌ ھۆی تاودانی زیاتری ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌.

به‌ درێژایی مێژوو ئه‌م جۆره‌ گۆڕانکاریه‌ زۆر خاو و شێنه‌یی بووه‌. بۆ وێنه‌ له‌ ئافراندنی ته‌گه‌ره‌وه‌ بۆ داھێنانی یه‌که‌مین ئۆتۆمبێل ھه‌زاران ساڵ مه‌ودا ھه‌یه‌ به‌ڵام له‌ ئافراندنی یه‌که‌مین فڕۆکه‌وه‌ بۆ سه‌فه‌ری سه‌ر مانگ، به‌س ٦٦ ساڵ مه‌ودا پێویست بوو و ئه‌مه‌ش به‌ روونی که‌ڵه‌که‌ بوون و گۆڕانکاری خێرای ته‌کنۆلۆژیا نوێه‌کان ئاشکرا ده‌کات.

له‌ چه‌شنی ئه‌م بابه‌ته‌، زانیاریه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ ئاگره‌ له‌ ھه‌زاران ساڵ پێشدا. بۆ پیشه‌ی چاپ له‌ ١٠٠ ساڵی رابردوودا و پاشان به‌ دیجیتاڵ کردنی داتا و زانیاریه‌کان و له‌به‌رده‌ستی ھه‌مواندا بوونیان له‌م دو ده‌یه‌ی دواییدایه‌ که‌ رواڵه‌تی جیھان و شێوازی ژیانی مرۆڤه‌کانی به‌ یه‌کجاری پشت وڕوو کردوه‌.

ئاماژه‌ی زۆر روون پیشه‌ی وێنه‌گریه‌. له‌ ده‌یه‌ی پێشوودا بۆ کڕینی یه‌ک کامێرای فۆتۆ و ڤیدیۆ و چاپ کردن و بینینی ڤیدیۆی تۆمار کراو به‌ سه‌دان ھه‌زار و ملیۆن، پاره‌ پێویست بوو به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ که‌ره‌سته‌ی مۆبایل، ھه‌ڵگرتن و بینین و ھاوبه‌شکردنی وێنه‌ و ڤیدیۆ بێ به‌رامبه‌ر له‌به‌رده‌ست ھه‌مواندایه‌.

٢-پله‌ی پشتگوێ خستن و بێ ھیوابوون

ئه‌م قۆناغه‌ له‌ کاتێکدا روو ده‌ه‌دات، ته‌کنۆلۆژیا له‌ یه‌که‌مین ھه‌نگاوه‌کانی گه‌شه‌ی خۆیدایه‌ و له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ سه‌رنج له‌سه‌ر خاو بوونی ئه‌م گه‌شه‌ کردنه‌، به‌ ھه‌ڵه‌ به‌ ھاوشێوه‌ی گه‌شه‌ی ھێڵی، لێک ده‌درێته‌وه‌ و له‌ لایه‌ن خه‌ڵک و پسپۆڕانه‌وه‌ پشتگوێ ده‌خرێت.

له‌ کۆتاییه‌کانی ده‌یه‌ی ٩٠ دا کوالێتی کامێرای دیجیتاڵی کۆمپانیای کۆداک ده‌گه‌یشته‌ 0.01 مێگا پیکسڵ و ھه‌رچه‌ند پاشان ئه‌م چۆنایه‌تیه‌ به‌رز کرایه‌وه‌ بۆ 0.02 و 0.04 و 0.08  به‌ڵام له‌ روانگه‌ی خه‌ڵکی و چاودێرانه‌وه‌ ھه‌موو ئه‌م ژمارانه‌ که‌متر بوون له‌ یه‌ک و به‌ نزیک له‌ سفر ئه‌ژمار ده‌کران. له‌ ئاکامی ئه‌م شێوه‌ بیرکردنه‌وه‌ ھێڵیه‌دا، خه‌ڵک و زۆرێک له‌ کۆمپانیاکان بێ ھیوابوون له‌ گه‌شه‌کردنی داھاتووی ئه‌م ته‌کنۆلۆژیا و ھێزه‌ شاراوه‌که‌ی له‌به‌رچاو نه‌گیرا. له‌ کاتێکدا پاش ئه‌وه‌ی کوالێتی وێنه‌کان گه‌یشته‌ ژماره‌ی «یه‌ک» ئه‌مجار گه‌شه‌ی که‌وته‌ گه‌ڕ و له‌ یه‌که‌وه‌ کرایه‌ دوو و چوار و ھه‌شت و ١٦ و ٣٢ و…ھتد. به‌م شێوه‌ پاش ٢٠ قۆناغ ده‌گه‌ینه‌ ژماره‌ی یه‌ک ملیۆن و پاش ٣٠ قۆناغ ده‌گه‌ینه‌ ژماره‌ی یه‌ک ملیار جار و ئه‌مه‌یش ھێز و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی گه‌شه‌ی روانگه‌یی و به‌تاوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌شه‌ی ھێڵییه‌وه‌.

به‌م ره‌وته‌ پاش سه‌رده‌مێک خافڵ بوون له‌ ته‌کنۆلۆژیا، ئه‌م خێراییه‌ به‌ ھه‌ڵپه‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ که‌ له‌ ناکاو ھه‌موو شت ده‌گۆڕێت و ده‌چێته‌ پله‌ی ئاڵوگۆڕه‌وه‌.

٣-پله‌ی ئاڵوگۆڕ

پێناسه‌ی ته‌کنۆلۆژیای بگۆڕ له‌ ووتنێکی ساکاردا واته‌ ئافراندن و داھێنانێکی نوێ که‌ بازاڕێکی تازه‌ پێک ده‌ھێنێت و ده‌بێته‌ ھۆی گۆڕینی پیشه‌ و بازاڕی نه‌ریتی. بێ گومان له‌ یادتان ماوە‌ ئه‌و کاته‌ی کامێرای دیجیتاڵی کوالێتی به‌رزی چه‌ن مێگاپیکسڵی ھاته‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ چ شێوه‌یه‌ک بازاڕی کامێرای ئانالۆگ ھه‌ڵپێچرا و شوێن به‌خشرایه‌ ئه‌و ھه‌موو جۆره‌ کامێرای دیجیتاڵی کوالێتی به‌رز و بچوک و نرخ ھه‌رزانه‌.

٤-پله‌ی بێ به‌رامبه‌ربوون

له‌م قۆناغه‌دا پاره‌ له‌ ھاوکێشه‌ وه‌لا ده‌نرێت و ئه‌و کاڵا و خزمه‌تگوزاریانه‌ی تا دوێنێ به‌ کڕین ده‌ست دەکەوتن، ئێستا به‌ ھۆی پێشکه‌وتنی به‌ په‌له‌ی ته‌کنۆلۆژیاوە به‌ شێوه‌ی بێ به‌رامبه‌ر له‌ به‌رده‌ستی ھه‌موواندایه‌. پاش ئه‌وه‌ی کامێرای دیجیتاڵ به‌ کوالێتی به‌رزەوە و توانای ژماره‌ی بێ بڕانه‌وه‌ی وێنه‌گرتنه‌وه‌ ھاته‌ بازاڕه‌وه‌، ئاساییه‌ که‌س ئاماده‌ نه‌بوو پاره‌یه‌ک بداتە کڕین و چاپ کردنی فیلمی کۆداک و ئه‌مه‌ش بووه‌ ھۆی ئه‌وه‌ی پیشه‌ی چه‌نھا ملیار دۆلاری چاپی وێنه‌ له‌ شه‌وێکدا بچێته‌ پەڕەکانی مێژووه‌وه‌.

٥-پله‌ی گۆڕانکاری

له‌ کاتێکدا قۆناغی بێ به‌رامبه‌ر بوون بووه‌ ھۆی وه‌لاخستنی پاره‌ له‌ ھاوکێشه‌ی کڕینی کاڵا و خزمه‌تگوزاریدا، له‌ پله‌ی وون بووندا خودی کاڵا و خزمه‌تگوزاری وه‌لاده‌نرێن یان شێوه‌یان گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت.

له‌ نموونه‌ی کۆمپانیای کۆداک دا، سڕینه‌وه‌ی چاپ و فیلم به‌س قۆناغی یه‌که‌می گۆڕانکاریه‌کان بوو. له‌گه‌ڵ ناساندنی کامێرای دیجیتاڵ، بازاڕی کامێرای ئانالۆگ به‌ خێرایی له‌ نێوچوو و ھه‌موو که‌س به‌ کڕینی کامێرای دیجیتاڵ ده‌یتوانی خزمه‌تگوزاریه‌کانی په‌یوەسه‌ت به‌ وێنه‌گرییه‌وه‌ بێ به‌رامبه‌ر به‌کار بھێنێت. به‌ڵام ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ به‌ ده‌رکه‌وتنی مۆبایلی زیره‌ک له‌گه‌ڵ کامێرای به‌کوالێتیه‌وه‌ تا ئەو رادەی به‌رده‌وام کرا که‌ بووه‌ ھۆی وون بوونی کامێرای دیجیتاڵ! و ئێستا کاڵا و خزمه‌تگوزاری وێنه‌گریی به‌ شێوه‌ی بێ به‌رامبه‌ر له‌به‌رده‌ستی ھه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادایه‌.

٦-به‌گشتیی بوون

و له‌ کۆتاییدا، ئاکامی سووڕی ئاڵوگۆڕی ته‌کنۆلۆژیای پێشه‌نگ، «به‌ گشتیی بوونی» زۆرێک له‌ کاڵا و خزمه‌تگوزاریه‌کانه‌ به‌ شێوه‌ی بێ به‌رامبه‌ر بۆ ھه‌موو خه‌ڵکی. ئاوڕێکی پێداویستیه‌کانی ھاوپێچی مۆبایلی زیره‌کی خۆتان بده‌ن: کامێرای وێنه‌ و ڤیدیۆ، تۆماری ده‌نگ، لایت، جی پی ئێس، گه‌رمی پێو، په‌ڕاوی نووسین، ئامێری بینینی وێنه‌ و ڤیدیۆ و بیستنی مۆسیقا، ئامێری ژماردن، کتێبی ئه‌لکترۆنی، یاری کۆمپیۆته‌ر، کڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین و ده‌یان که‌ره‌سته‌ی دیکه‌ که‌ ٢٠ ساڵ پێش ئێستا ده‌بوا پاره‌یه‌کی زۆرتان بۆ دابین بکردایه‌ت ئێستا بێ به‌رامبه‌ر له‌به‌رده‌ستی ئێوه‌دایه‌.

له‌ سه‌رده‌می گه‌شه‌ی به‌ په‌له‌ی ته‌کنۆلۆژیا پێشه‌نگه‌کاندا، کۆمپانیا گه‌وره‌ به‌ڵام خاوه‌کان ناتوان رکابه‌ری بکه‌ن له‌گه‌ڵ ستارتاپه‌ بچوک به‌ڵام خێراکاندا. له‌پێش چاو نه‌گرتن و ئاشنا نه‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمپانیا زه‌لامه‌کان بە گه‌شه‌ی خێرای ته‌کنۆلۆژیای پێشه‌نگ ئه‌م زرنگه‌ ده‌خاته‌ گوێیانه‌وه‌:

ئاڵوگۆڕ بکه‌ن به‌ کۆمپانیاکه‌تان پێش ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وخوار بکرێن به‌ ده‌ستی رکابه‌ره‌که‌تان.

Related Posts

error: Content is protected !!
Close
Close